پێنجەم : ئەو شتانەی دەست نوێژ بەتاڵ دەکەنەوە و ئەو بابەتانەی کەپەیوەندیان بەم باسەوە هەیە.
بەروار: 2020/07/10سەردارن: 11187نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

ئەم بابەتە لەدوو بەش پێک هاتووە:
بەشی یەکەم: پێناسەی هەڵوەشێنەرەوەکانی دەست نوێژ "نواقض الوضوء"، وئەوەی دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، وئەوەش کەدەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە .

بەشی دووەم: چەند بابەتێکی هەمە جۆر وجودا.

بەشی یەکەم: پێناسەی هەڵوەشێنەرەوەکانی دەست نوێژ "نواقض الوضوء"، وئەوەی دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، وئەوەش کەدەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە .
یەکەم: پێناسەی هەڵوەشێنەرەوەکانی دەست نوێژ "نواقض الوضوء":

"النواقض" لەڕووی زمانەوانیەوە: کۆی "ناقض" ـە ، واسم"ـی فاعل"ـی" نقض الشيء" کاتێ کە هەڵی دەوەشێنێتەوە.

"نواقض الوضوء": لەڕووی ئیستلاح وعورفی بەکارهێنانەوە: ئەو شتانەیە کەگەر ڕوو بدەن دەست نوێژ بەتاڵ دەکەنەوە.

دووەم: ئەو شتانەی دەست نوێژ بەتاڵ دەکەنەوە ، وئەوەش کەدەست نوێژ بەتاڵ ناکەنەوە .
1- دەرچوونی میز وپیسی لەجێگای تایبەتی خۆیانەوە ، واتە: کۆم:
بەدەرچوونی میز وپیسی لەجێگای تایبەتی خۆیانەوە ، واتە: کۆمەوە دەست نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ، هەر یەک لە: ابن المنذر ، وابن حزم ، وابن رشد ، وابن قدامة ، والنووي کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- دەرچوونی با (دەنگ و بۆن):
بەدەرچوونی با دەست نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ، هەر یەک لە: ابن المنذر ، وابن حزم ، وابن رشد ، وابن قدامة کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

ــ دەرچوونی با لەپێشی ئافرەتەوە
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی دەرچوونی با لەپێشی ئافرەتەوە ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دەرچوونی با لەپێشی ئافرەتەوە دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکانە ، وٲبو ثور هەڵی بژاردووە.

بۆچوونی دووەم: دەرچوونی با لەپێشی ئافرەتەوە دەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی دروستە لای حەنەفەیەکان ، وەهەروەها مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان ، وە فەتوای لێژنە دائیمەشی لەسەرە.

3- مەزی
دەرچوونی مەزی دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، هەر یەک لە: ابن المنذر ، وابن عبدالبر ، وابن رشد ، وابن قدامة ، والعیني کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

مەزی : ئاوێکی کاڵی لیقە و لەدوای جوڵانی ئارەزووەوە دەردەچێت.

4- وەدی
دەرچوونی وەدی دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، هەر یەک لە: ابن بطال ، وابن عبدالبر ، وابن قدامة کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

وەدی: ئاوێکی لیقە ولەدوای میزکردنەوە وبەبێ ئارەزوو دەردەچێت.

5- دەرچوونی شتی دەگمەن لەپێش وپاشەوە:
دەرچوونی شتی دەگمەن لەپێش وپاشەوە وەک کرم ، وبەرد ، وخوێنی مایەسیری ، وجگە لەمانەش ، دەست نوێژ بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان .

6- تەڕایی داوێنی ئافرەت:
زانای پایەبەرز ابن عثيمين (بەڕەحمەت بێت) دەفەرموێت :
ئەوەی لای من دوای لێکۆڵینەوە ئاشکرابووە ئەوەیە ، ئەو شلەو تەڕیە لەمیزەڵانی ئافرەتەوە دەرناچێ ، بەڵکو لەڕەحمیەوە دێتە دەر ، بۆیە پاکە، بەڵام دەستنوێژ دەشکێنێ هەرچەندە پاکیشە ، چونکە مەرج نیە لەسەر ئەوەی تەنها شتە پیسەکان دەستنوێژ بشکێنن ، نمونەش کەسێک بۆنێکی لێ دێتە دەر لەپاشیەوەو هیچ ڕەنگو قەبارەیەکی نیەو دەستنوێژیش دەشکێنێ ، بۆیە ئەگەر ئافرەت ئەو تەڕیەی لێ هاتەدەر ئەوا دەستنوێژی دەشکێ و دەبێت سەرلەنوێ دەستنوێژ بگرێتەوە ، بەڵام ئەگەر هاتوو بەردەوام ئەو تەڕیەی هەبوو ئەوکات دەستنوێژەکەی ناشکێ ، بەڵام دەبێت دوای هاتنی کاتی نوێژەکان دەستنوێژ بگرێت ، ئیتر بەو دەستنوێژە نوێژە سوننەت وفەرزەکان وئەوەش کە بە دەستنوێژ دەکرێ ئەم ئەنجامی دەدات ، چونکە لەوکاتەدا حوکمی پاش میز (میزە چرکە)ی هەیە ، هەروەکو زانایان فەرموویانە .

پوختەی حوکمەکەی :
لەڕووی پاکێتیەوە ..
ئەو شێ و تەڕیە پاکەو پیس نیە ، وە جل وبەرگ ولاشەش پیس ناکات .
وە لەڕووی دەستنوێژ شکاندنەوە :
دەستنوێژ دەشکێنێ ، مەگەر بەردەوام ئەو ئافرەتە ئەو تەڕیەی هەبێت ئەوکات دەستنوێژ ناشکێنێ ، بەشێوازێ ئەو ئافرەتە دوای هاتنی کاتی نوێژ دەستنوێژ بگرێت..

7-دەرچوونی میز وپیسی لەجگە لە جێگای تایبەتی خۆیانەوە ، واتە: لەجگە کۆمەوە دەرچن:
بەدەرچوونی میز وپیسی لەجگە لە جێگای تایبەتی خۆیانەوە ، ـ واتە: لەجگە کۆمەوە ـ‌ دەست نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی : حەنەفی ، وحەنبەلیەکانە ، ، وەهەریەک لە: ابن حزم ، وابن تیمیة ، وابن عثيمين هەڵیان بژاردووە ، وە فەتوای لیژنە دائیمەشی لەسەرە. .

8- ئەو شتانەی کەلە جگە لەپێش وپاشەوە دەردەچن ، وەک چڵک و خوێن:
ئەو شتانەی کەلە جگە لەپێش وپاشەوە دەردەچن ، وەک چڵک و خوێن( یان ئەوانەی کەلەڕێگای شوشتنی گورچیلەکانەوە دەردەهێندرێن.) ، دەست نوێژ بەتاڵ ناکەنەوە ، ئەوەش مەزهەبی : مالکی ، وشافعیەکان ، وزاهیریەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەڵیەکان ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەریەک لە: ابن تیمیة ، وابن باز ، وابن عثيمين هەڵیان بژاردووە .

9- نوستن
ــ نوستنێکی قورس
نوستنی زۆر و قورس دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

ابن باز دەڵێت: ( بێگومان خەوێکی تەواو ئەوەی کەمرۆڤ ئاگای لەخۆی نەمابێت دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، جا کەسەکە دانیشتبێت ، یاخود پاڵ کەوتبێت ، یاخود لەسەژدەدا بێت ، یاخود بەپێوە بێت). [فتاوی نور علی الدرب : ٥ /  ۲۰۲ - ۲۰۳].

ــ خەوێکی سوک و کەم
خەوی کەم و سوک دەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە ،ئەوەش بۆچوونی دیاری مەزهەبی مالکیە، وٲبو عبید گەڕاوەتەوە بۆ ئەم بۆچوونە ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

* پێورەی خەوی قورس لەلای مالکیەکان ئەوەیە: کەسە نوستووەکە هەست بەدەنگی دەور وبەر نەکات ، یاخود بەربوونەوەی شتێک لەدەستی ، یاخود هاتنە خوارەوەی لیکی ، وهاوشێوەی ئەمانە ، خۆ ئەگەر هەستی بەمانە کرد ئەوا خەوەکە سوکە وقورس نی یە.

* ابن باز دەڵێت: (گەر خەوەکە کەم بوو ، ئەوا دەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە ، وەک ئەوەی کەسەکە خەوە نوچێکیەتی وئاگاداری دەرورو بەرەکەیەتی). [ مجموع فتاوی ابن باز : ۲۹ / ۸۳ ].

10- نەمانی عەقڵ بەشێت بوون یاخود لەهۆش خۆ چوون یاخود سەرخۆش بوون:
نەمانی عەقڵ بەشێت بوون یاخود لەهۆش خۆ چوون یاخود سەرخۆش بوون زۆر بێت یاخود کەم ،  دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

11- دەست دان لەزەکەر
ــ دەست دانی پیاو لەزەکەری خۆی (بە بێ پەردە)
زانایان جیاوازن لەبارەی شکانی دەست نوێژەوە بەهۆی دەست دانی پیاو لەزەکەری خۆی (بەبێ پەردە) ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم:دەست دانی پیاو لەزەکەری خۆی (بەبێ پەردە) ، دەست نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، والشوکاني ئەم بۆچوونەی سەر خستووە ، وابن باز هەڵی بژاردووە.

بۆچوونی مەشهور لای مالکیەکان ئەوەیە بەدیوی ناوەوەی لەپی دەست دەستی لێ بدات ، یاخود دیوی ژێرەوەی پەنجەکان .

وە لاى شافعیەکان ئەوەیە بەمەرجێک بەدیوی ناوەوەی لەپی دەست ، دەستی لێ بدات.

بەڵام لاى حەنبەلیەکان جیاوازی نی یە بەدیوی ناوەوەی لەپی دەست دەستی لێ بدات یاخود دیوی دەرەوە .

بۆچوونی دووەم: بەموتڵەقی دەست دانی پیاو لەزەکەری خۆی (بەبێ پەردە) ، دەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونی هەندێ لەمالکیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، ، وابن المنذر ، وابن تیمیة ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.

بۆچونى دروست ئەوەیە : ئەگەر موسڵمان بە بێ شەهوەت و زەوقەوە دەستی بەر زەكەری یان عەورەتی بكەوێت ئەوا دەستنوێژەكەی بەتاڵ نابێتەوە و دەستنوێژ ناگرێتەوە ، بەڵام ئەگەر بە شەهوەت و زەوقەوە بێت ئەوا دەستنوێژ بەتاڵ دەكاتەوە .

ــ دەست دانی ئافرەت لەداوێنی خۆی
زانایان جیاوازن لەبارەی دەست دانی ئافرەت لەداوێنی خۆیەوە لەو ڕووەوە کەئایا ئەو دەست لێدانە دەست نوێژ دەشکێنێت یاخود نا، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دەست دانی ئافرەت لەداوێنی خۆی دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە.

بۆچوونی دووەم: دەست دانی ئافرەت لەداوێنی خۆی دەست نوێژ دەشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە، وابن باز هەڵی بژاردووە.

ــ دەست دان لەداوێنی کەسانی تر (گەورە وبچووک)
زانایان جیاوازن لەبارەی دەست دان لەداوێنی کەسانی تر جا کەسەکە گەورە بێت یاخود چووک ، ونێر بێت یاخود مێ لەو ڕووەوە کەئایا دەست نوێژ دەشکێنێت یاخود نا، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دەست دان لەداوێنی کەسانی تر جا کەسەکە گەورە بێت یاخود چووک ،ونێر بێت یاخود مێ بەموتڵەقی دەست نوێژ دەشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە، وابن باز هەڵی بژاردووە.

بۆچوونی دووەم: دەست دان لەداوێنی کەسانی تر جا کەسەکە گەورە بێت یاخود چووک ،ونێر بێت یاخود مێ دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ،وزاهیریەکانە.

ــ دەست دان لەکۆم
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی شکانی دەست نوێژەوە بەهۆی دەست دان لەکۆم ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دەست دان لەکۆم ، دەست نوێژ دەشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، والشوکاني وابن باز هەڵیان بژاردووە.

بۆچوونی دووەم: دەست دان لەکۆم ، دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

ــ دەست دان لەگون ، وڕان ، وگوڵمەی کۆم
دەست دان لەگون ، وڕان ، وگوڵمەی کۆم ، دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی کۆی گشتی زانایانە.

وەلە لای حەنەفیەکان دەست دان لەزەکەر دەست نوێژ ناشکێنێت چ جای دەور وبەری زەکەر .

ــ دەست دان لەزەکەری ئاژەڵ
دەست دان لەزەکەری ئاژەڵ دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی کۆی گشتی زانایانە.

12- دەست دان لەئافرەت
دەست دان لەئافرەت ، دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لای حەنابیلەکان ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وە هەریەک لە:الصنعاني ، وابن باز ، والٲلباني ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

13- دەست دان لە"الٲمرد"
دەست دان لە "الٲمرد" ، دەست نوێژ ناشکێنێت ( الٲمرد" گەنجێگە کەهێشتا توکی لێ نەهاتووە)، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفیەکان ، و شافعیەکان ، وحەنابیلەکانە .

14- دەست دان لە لاشەی خۆ
مرۆڤ دەست بدات لە لاشەی خۆی هەر چەند هەست بەئارەزووش بکات دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، و حەنابیلەکان ، وبۆچوونێکە لای شافعیەکان ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە.

15- شوشتنی مردوو
شوشتنی مردوو دەست نوێژ ناشکێنێت ؛ چ جای دەست لێ دان یاخود هەڵگرتنی ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفیەکان ، ومالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وبۆچوونێکە لای حەنابیلەکان .

16- قاقای پێکەنین لەنوێژدا
قاقای پێکەنین لەنوێژدا هەرچەند نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە بەڵام دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی  مالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وبۆچوونێکە لای حەنابیلەکان .

17- خواردنی گۆشتی وشتر
زانایان جیاوازن لەبارەی خواردنی گۆشتی وشترەوە کەئایا دەست نوێژ دەشکێنێت یاخود نا، ودوو بۆچوونیان هەیە:

بۆچوونی یەکەم: پێی وایە خواردنی گۆشتی وشتر دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: حەنەفیەکان ، ومالکیەکان ، وشافعیەکانە ـ لەبۆچوونی ڕاستیاندا ـ ، وبۆچوونێکیشە لای حەنابیلەکان ، بۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

بۆچوونی دووەم: پێی وایە خواردنی گۆشتی وشتر دەست نوێژ دەشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وە هەریەک لە: ابن المنذر ، وابن حزم ، والنووي ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

18- خواردنی بەشەکانی تری وشتر جگە لەگۆشتەکەی:
زانایان جیاوازن لەبارەی خواردنی بەشەکانی تری وشتر جگە لەگۆشتەکەی ، وەک بەز وجەرگ وسپڵ کەئایا دەست نوێژ دەشکێنن یاخود نا، ودوو بۆچوونیان هەیە:

بۆچوونی یەکەم: پێی وایە خواردنی بەشەکانی تری وشتر جگە لەگۆشتەکەی ، وەک بەز وجەرگ وسپڵ دەست نوێژ ناشکێنن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وابن حزم ، وابن باز هەڵیان بژاردووە.

وە حەنەفیەکان ، ومالکیەکان ، وشافعیەکان ، پێیان وایە ئەسڵەن گۆشتی وشتر دەست نوێژ ناشکێنێت ، وحەنبەلیەکان جیاوازی دەکەن لەنێوان گۆشتەکەی وبەشەکانی تردا ، لای ئەمان گۆشتەکەی دەست نوێژ دەشکێنێت ، بەڵام بەشەکانی تری دەست نوێژ ناشکێنێت.

بۆچوونی دووەم: پێی وایە خواردنی بەشەکانی تری وشتر جگە لەگۆشتەکەی ، وەک بەز وجەرگ وسپڵ دەست نوێژ دەشکێنن ، ئەوەش ڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە.

19- شیری وشتر ، ومەرگەی گۆشتەکەی
خواردنی شیری وشتر ، ومەرگەی گۆشتەکەی ، دەست نوێژ ناشکێنن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی زۆربەی زانایانە.

20- موڕتەد بوونەوە وهەڵگەڕنەوە لەدین
زانایان جیاوازن لەبارەی موڕتەد بوونەوە وهەڵگەڕنەوە لەدین کەئایا دەست نوێژ دەشکێنێت یاخود نا، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە موڕتەد بوونەوە وهەڵگەڕنەوە لەدین دەست نوێژ دەشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای شافعیەکان 
، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وە هەریەک لە: ابن تیميە ، وابن باز هەڵیان بژاردووە.

بۆچوونی دووەم: پێی وایە موڕتەد بوونەوە وهەڵگەڕنەوە لەدین دەست نوێژ ناشکێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وشافعیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان ، وابن حزم ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە.

بەشی دووەم: چەند بابەت و ئەحکامێکی جۆراو وجۆر
یەکەم: بێ دەست نوێژی بەردەوام:
هەر کەسێک بە بەردەوامی توشی شکانی دەست نوێژ ببێت ، ئەوا هەرکات دەست نوێژی گرت ، وشتێکی لێوە دەرچوو دوای دەست نوێژەکەی ، ئەوا دەست نوێژەکەی ناشکێت ، ابن تیمیة كۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دووەم: گەر دڵنیا بوو لەوەی دەست نوێژی گرتووە بەڵام گومانی هەبوو لەوەی دەست نوێژەکەی شکابێت:
هەر کەسێک دڵنیا بوو لەوەی دەست نوێژی گرتووە بەڵام گومانی هەبوو لەوەی دەست نوێژەکەی شکابێت ئەوا پێویست نی یە لەسەری دەست نوێژ بگرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی زۆربەی زانایانی شەرع زانە.

سێیەم:گەر دڵنیا بوو لەوەی دەست نوێژی شکاوە بەڵام گومانی هەبوو لەوەی دەست نوێژی گرتووە :
هەر کەسێک دڵنیا بوو لەوەی دەست نوێژی شکاوە بەڵام گومانی هەبوو لەوەی دەست نوێژی گرتووە یاخود نا ئەوا پێویستە لەسەری دەست نوێژ بگرێتەوە ، هەریەک لە: الماوردي ، وابن حزم ،وابن عبدالبر ، وابن العربي ، والنووي ، وشمس الدين ابن قدامة کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە .