نوێژی جەماعەت ‏ (واجبە) لەسەر هەموو پیاوێكی ‏موسڵمان
بەروار: 2013/01/25سەردارن: 7489نوسەر: د. عبد اللطیف أحمد‏

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه ... أما بعد :
‏بزانە برای موسڵمان كە زانایانی ئیسلام بە گشتی باوەڕیان وایە ئەنجامدانی پێنج ‏نوێژەكە بەجەماعەت لە مزگەوت دا لە گەورەترین پەرستنەكانەوەو مەزنترین شیعاری ‏ئیسلامەو خێرێكی زۆری هەیە وەك پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت(نوێژی جەماعەت ‏خێری زیاترە لە نوێژی بە تەنهای بە 25پلە،وەلە ڕیوایەتێكی تردا دەفەرموێت (بە 27 ‏پلە)فەرمودەكەش ڕاستە.بەڵام زانایانی ئیسلام بۆچونیان جیاوازە سەبارەت بە حوكمی ‏نوێژی جەماعەت)‏
أ-كۆمەڵەی یەكەمی زانایان دەڵێن: ‏
جەماعەت سوننەتێكی تەئكید لەسەر كراوەو واجب نی یە. ‏
ب- كۆمەڵەی دووەمی زانایان دەڵێن:‏
جەماعەت واجبە بكرێت لە هەموو گوندو شارێكدا لەناو هەموو كۆمەڵێدا،بەڵام واجب ‏نییە لەسەر هەموو پیاوێكی موسڵمان،بەڵكو ئەگەر كۆمەڵێك پێ‌ی هەستان ئەوا لەسەر ‏ئەوانی تر لادەچێت.واتە (فەرزی كیفائی)یە. ‏
ج-كۆمەڵەی سێیەمی زانایان دەڵێن: ‏
جەماعەت واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێكی پیاو كەعوزری نەبێت:وەئەم ڕەئیەی سێیەم ‏بەڵگەی قورئان و حەدیسی لەسەرەو هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەجێیان هێناوە،مەزهەبی ‏ئیمامی (أحمد)ەو زۆر لەزانایانی فیقه و حەدیس ئەم بۆ چوونەیان بووەو ئیمامی ‏‏(نەوەوی) لە كتێبی (المجموع شرح المهذب)دا فەرموویەتی:(ئەم ڕای سێیەمە ڕای دوو لە ‏زانا گەورەكانمانە كە باڵادەستن لە فیقه و حەدیس كە بریتین لە :أبو بكر بن خزیمە،وابن ‏المنذر)وە ئیمامی ڕافعی فەرموویەتی:دەڵێن ئەمە قسەی ئیمامی شافعی یە) ‏
وە ابن المنذر:دەفەرموێ‌ ئیمامی شافعی فەرموویەتی: (ڕێگە نادەم بە كەسێك كە ‏بتوانێت نوێژی جەماعەت بكات و نەچێت مەگەر عوزری هەبێت ڕوخسەتی بۆ ‏هەیە) بەڵگەش لەسەر ڕاستێتی ڕای سێیەم ئەمانەی خوارەوەیە: ‏
یەكەم لەقورئاندا
‏1-خوای گەورە فەرموویەتی:[وَإِذَا كُنتَ فِيهِمْ فَأَقَمْتَ لَهُمُ الصَّلاَةَ فَلْتَقُمْ طَآئِفَةٌ مِّنْهُم مَّعَكَ........] سورة النساء (102). واتە ئەگەر لەگەڵیان بوویت لەكاتی ترس دا ئەوا ‏نوێژەكەتان بەجەماعەت بكەن.‏
‏ أ-خوای گەورە فەرمانی بەو موسڵمانانە كرد كە لەگەڵ پێغەمبەرن صلى الله عليه وسلم لە كاتی ترس دا ‏لە جەنگدا كە بەجەماعەت نوێژی لەگەڵ بكەن،وە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە كە نوێژ ‏بەجەماعەت واجبە لە كاتی ترس دا كەواتە لە كاتی ئاسایی دا زیاتر پێویستە.‏
‏ ب- هەروەها لەبەر خاتری بە جەماعەت نوێژ كردن (لەكاتی جەنگدا)چەندان ڕوكن و ‏پێویستی ناو نوێژ چاو پۆشییان لێ‌ دەكرێ‌ و موخالەفە كردنی ئیمامیش ڕیگەی ‏پێدراوە،جا ئەگەر نوێژ بە جەماعەت واجب نەبوایە لەسەریان ئەوا ئەم هەموو شتە ‏واجبانەی ناو نوێژ چاوپۆشی لێ‌ نەدەكرا. ‏
‏2-خوای گـەورە فـەرمانی بە موسڵمانان كــردوە كە نــوێژ بكــەن لەگــەڵ نــوێژ كـەران ‏واتــە بــە جەماعەت وەك دەفەرموێت: [وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ وَآتُواْ الزَّكَاةَ وَارْكَعُواْ مَعَ الرَّاكِعِينَ] سورة البقرة (43)..وە ئەم فەرمانەش بۆ واجب بوونە.‏
دووەم لە سوننەتی پێغەمبەردا(‏صلى الله عليه وسلم‏) ‏
‏1-پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (ئەوەی بانگ ببیستێ‌ و نەیەت بۆ نوێژی جەماعەت بەبێ‌ ‏عوزر ئەوا نوێژەكەی بۆ نی یە).واتە تەواو نی یە.فەرموودەیەكی ڕاستە لە كتێبی ‏‏(صحیح الترغیب والترهیب)دا هاتووە.‏
‏2- پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (هەرسێ‌ كەسێك لە گوندێك یان لە شارێك بن و ‏جەماعەتیان تێدا نەكرێت ئەوا شەیتان زاڵ بووە بەسەریاندا).كەوا بوو لەگەڵ جەماعەت ‏بن چونكە (گورك تەنها مەڕی دابڕاو دەخوات لە مێگەل). (صحیح الترغیب والترهیب).‏
لەم فەرموودەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دا دەردەكەوێت كە جەماعەت واجبەو،وازهێنان لەم واجبە ‏ڕێگا خۆشكەرەو هۆیەكی سەرەكییە بۆ زاڵ بوونی شەیتان بەسەر مرۆڤدا.وەئەگەر ‏جەماعەت تەنها سوننەت بوایە،ئەوا واز هێنان لە سوننەتێك نابێتە هۆی زاڵ بوونی ‏شەیتان بەسەریاندا.هەروەك لە حەدیسی كابرای عەرەبی دەشتەكی دا دەردەكەوێت ‏كاتێك پرسیاری لە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كرد (چەند نوێژی لەسەر واجبە،فەرمووی تەنها پێنج ‏نوێژ،مەگەر حەز بكەی سوننەتەكان بكەی،كابرا ووتی:والله لەم پێنجانە زیاتر ناكەم و ‏هیچ سوننەتێك ناكەم.) پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی ((أفلح إن صدق))،سەركەوتووە ئەگەر ‏ڕاست بكات نوێژە واجبەكان ئەنجام بدات با سوننەتەكانیش نەكات،وە مرۆڤی ‏سەركەوتوو ڕزگار بوو شەیتان زاڵ نابێت.‏
بەسەریا،كەواتە ئەگەر جەماعەت تەنها سوننەت بووایە و واجب نەبوایە ئەوا نەكردنی ‏نەدەبووە مایەی دۆڕان بەرامبەر شەیتان و زاڵ بوونی شەیتان.جا وورد بەوە لەم باسە!!!‏
‏3-وە لەفەرموودەیەكی تردا هاتووە (كە گرانترین نوێژ لەسەر مونافیقەكان نوێژی عیشا ‏و نوێژی بەیانی یە،وە ئەگەر بزانن چەند خێریان تێدایە ئەوا ئامادەی جەماعەتی ئەو ‏دوو نوێژەش دەبوون ئەگەر لەسەر ئەژنۆش بۆی بخشێن بە گاگۆڵكە)!!.وە نیازم بوو كە ‏فەرمان بكەم بەیەكێك كە جەماعەتەكە بۆ خەڵكی بكات و خۆشم بڕۆم لەگەڵ كۆمەڵە ‏پیاوێك كە باقە داریان پێ‌بێت بۆ لای ئەو كەسانەی كە نایەن بۆ نوێژی جەماعەت بۆ ‏ئەوەی خانوەكانیان بەسەر دا بسوتێنم.(بوخاری وموسلم ئەم فەرموودەیان ‏گێڕاوەتەوە).وە لە ڕیوایەتێكی تردا لای ئیمام أحمد دا هۆی هەڵنەستانی بە سوتاندنیان ‏ڕوون كردۆتەوە كە لەبەر خاتری ئەو ژن و منداڵانەیەكە لەناو خانوەكاندان و بێ‌ گوناهن ‏و ناكرێت بەهۆی سوتانی پیاوە تاوانبارەكان كە نەهاتوون بۆ جەماعەت ژن و منداڵی ‏بێ‌ تاوانیش بسوتێن.‏
وە هەندێك لە زانایان دەڵێن بۆیە هەڵنەساوە بەسوتاندنی خانوەكانیان ‏بەسەریاندا،چونكە دروست نییە جگە لە خوادا كەس بەئاگر تاوانباران سزا بدات ‏جالەم حەدیسەدا دەردەكەوێت كە واجبە چوون بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەماعەت،جا ‏ئەگەر واجب نەبوایە لەسەر هەموو پیاوێك و تەنها سوننەت بوایە یان بەئەنجام دانی ‏كۆمەڵێك لەسەر ئەوانی تر لابچوایە ئەوا ئامادە نەبوونی نەدەبووە شایســتەی بیـر ‏كردنەوەی ســزادانی بە ســوتاندن،
چونكە وازهێنان لە واجب شایستەی سزادانە نەك وازهێنان لە سوننەت.وەك لە زانستی ‏‏(أصول الفقە)دا باس كراوە.كەواتە وازهێنان لە جەماعەت گوناهێكی گەورەیەو ‏تاوانێكی ترسناكە و لە سیفەتی مونافیقانە،بە تایبەتیش وازهێنان لە جەماعەتی ‏بەیانیو عیشا.‏
‎‏ پوچەڵ كردنەوەی گومانێك‎
برای موسڵمان: دروست نییە بەستنەوەی ئەم سزایە بەواز هێنان لە (نوێژی ‏جومعە)چونكە حەدیسەكە بە تایبەت باسی نوێژی بەیانی و عیشا دەكات.‏
وە هەروەها دروست نی یە بەستنەوەی سزاكە بە مونافیقان چونكە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ‏سزاكەی بە ستۆتەوە بەوانەی ئامادەی جەماعەت نابن بە گشتی نەیبەستۆتەوە بە ‏مونافیقانەوە.‏
وەك لە ڕیوایەتێكی لای ئیمام أحمد بە ڕوونی هاتووە كە فەرموویەتی (إنى لأهم أن أجعل للناس إماما،ثم أخرج ،فل أقدر على إنسان يتخلف عن الصلاة في بيته إلا أحرقته عليه) واتە (هەر ‏مرۆڤێك) بەردەست كەوێت لەماڵەوە جاهەركەسێك بێت مونافیق بێت یان موسڵمان كە ‏دوا كەوتبێت لە نوێژی جەماعەت ماڵەكەی بەسەر دا دەسوتێنم.دیارە ووشەی ئینسان ‏گشتی یەو تایبەت نی یە بە مونافیق. وەهەروەها پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم سزای مونافیقانی ‏نەدەدا لەسەر نیفاقیان، چونكە نیفاق تاوانێكی دەروونـی یە و نادیارە وە خودا پێ‌ی ‏ئاگادارە بەڵام سزای دەدان لەســەر تــاوانە دیــــــــارو دەرەكـــییــەكــــان جـــا ئـــەگەر ‏ئـامــادە نــەبوونـی جەمــاعــەت تـــــــاوان نــەبوایـە ئـەوە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بیری لە سزادانیان ‏نەدەكردەوە بە سووتاندن.‏
‏4- باوكی أُمامە (خوای لێ‌ ڕازی بێت)فەرمووی: (عبد الله ی كوڕی دایكی مكـتوم هات- ‏كە كوێرە –بۆ لای پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم وە پێ‌ ی فەرموو: ئەی پێغەمبەری خوا من بەم ‏شێوەیەم كە دەمبینی :‏
أ-بەساڵاچووم ‏
ب-ئێسقانم نەرم بووە ‏
ج-بینینم نەماوە ‏
د-كەسیشم نی یە هەموو ڕۆژێك بم هێنێت بۆ مزگەوت ‏
هـ-ماڵیشم دوورە ولەڕێگاش دار خورماو درەختی لێ‌ یە جا ئایا ڕوخسەتێك هەیە بۆ من ‏نوێژ لەماڵەوە بكەم ،!!‏
پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەسەرەتادا ڕوخسەتی پێداو كە پشتی كردەوە بۆ ڕۆیشتن بانگی ‏كردەوەو پێ‌ ی فەرموو ئایا گوێت لەبانگە لەماڵەوەدا ؟ ووتی بەڵێ‌،پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پێ‌ ی ‏فەرموو :دەی بەدەنگ بانگەوە وەرە هیچ ڕوخسەتێكم پێ‌ نی یە بۆت )!!‏
سێ‌ یەم : بەڵگە لەسەر واجبێتی جەماعەت لە سوننەتی صەحابە ‏
یەكەم:عبدالله ی كوڕی مەسعود فەرمووی : (ئەوەی پێی خۆش بێت كە بەیانی ‏بەموسڵمانی بە خوا بگات ،با ئەو پێنج نوێژانە بە جەماعەت بكات لەو شوێنەی كە بۆیان ‏بانگ دەدرێ واتە لە مزگەوت دا..وە ئەو پێنج نوێژانە لە مـزگەوت بـە جەماعەت ‏لەسوننەتی پێغەمبەرن صلى الله عليه وسلم، وە ئەگەر ئێوەش لەماڵەوە نوێژ بكەن ،ئەوا وازتان هێناوە ‏لە سوننەتی پێغەمبەرەكەتان صلى الله عليه وسلم، وە ئەگــەر وازیــش بـێـنـن لە ســـونەتی ‏پێغەمـبەرەكەتــان صلى الله عليه وسلم ئـــــەوا گـــومڕا بـــــــوون . وە ئــێــمـە لەســــــــەردەمی پـێـغـەمـبـــــەردا ‏‏صلى الله عليه وسلم كــــــــــــەس دوا نەدەكەوت لە جەماعەت تەنها مونافیقێكی ئاشكرا نەبووایە ،وە ‏هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كە یەكێكیان نەخۆش بووایە ئەوا لەنێوان دووكەس دا دەهێنرا ‏لەڕیزی جەماعەت دا ڕادەگیرا)صحیح مسلم.‏

[ئەم فەرموودەیەی عبدالله بەڵگەیە لەسەر واجبێتی ‏نوێژی جەماعەت لە چەند ڕوویەكەوە ‏]
‏ أ-جەماعەت ، لەوجۆرە سوننەتانەی پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم كە واجبن و وازهێنانی گومڕا بوونە ‏،نەك كافربوون.‏
‏ ب- كەس دوا نەدەكەوت لە جەماعەت مونافیقە ئاشكراكان نەبن ، كەواتە دواكەوتن لە ‏جەماعەت پیشەی مونافیقەكانە نەك بڕواداران.‏
ج- كەسێك نەخۆشیش بووایە بەدوو كەس دەیان هێنا بۆ جەماعەت (هەر چەندە ‏عوزریشی هەبوو)،بەڵام ئیمانەكەی ڕێی پێ‌ نەدەدا ئەم شیعارە مەزنە لەدەست بدات و لە ‏گەڵ مونافیقە بێ‌ شەرمەكان بمێنێتەوەو لەماڵ نوێژ بكات.‏
‏ د- عبد الله ی كوڕی عمر (‏رضي الله عنهما‏) فەرمووی : (ئێمە هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەگەر ‏كەسێكمان نەبینیبا لەنوێژی بەیانی و عیشا گومانی خراپمان پێ‌ دەبرد) صحیح الترغیب ‏والترهیب. ‏
واتە : گومانی نیفاقیان پێ‌ دەبرد چونكە ئەم دوو نوێژە بە جەماعەت قورسن لەسەر ‏مونافیقەكان و دواكەوتن لێیان پیشەی ئەوانە ، جا نابێت بڕوادار بەوانە بچێت.‏
‎ڕاست كردنەوەی تێگەیشتنێكی هەڵە ‏‎
بەڵگەی كۆمەڵی یەكەم و دووەمی زانایان كە دەڵێ‌ جەماعەت واجب نی یە لەسەر هەموو ‏پیاوێكی موسڵمانی بێ‌ عوزر بریتییە لـــەو فـەرموودەیە كـــەدەفــەرمــوێــت نوێژی ‏جەماعەت خێری ‏
زیاترە لە نوێژی تاك بە (25) یان (27) پلە .جا دەڵێن لەو حەدیسە دا كە نوێژی تاكیش ‏هەر خێرەو دروستە، بەڵام وەكو جەماعەت نابێت.جا ئەگەر جەماعەت واجب بوایە ئەوا ‏نوێژی تاك هیچ پاداشتی نەدەبوو!! ‏
لەوەڵامی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەدا زانایان وتوویانە
یەكەم:مەبەست لەم حەدیسەدا ڕوونكردنەوەی پاداشت و پلەی جەماعەتە بەس نەك ‏ڕوونكردنەوەی حوكمەی كە ئایا واجبە یان سوننەتە. وەحەدیسی تری زۆرمان هەیە كە ‏حوكمی جەماعەتمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كەواجبە جگە لەو حەدیسە وەك باسكرا.‏
دووەم :وەبوونی پاداشت لەسەر نوێژی تاكیش ئەوەی لێ‌ فام ناكرێت كەجەماعەت ‏واجب نییە وتەنها سوننەتە چونكە ئەگەر فەزڵی شتێك درا بەسەر شتێكی تر مانای ‏ئەوە نی یە كە (هەركامێكیان هەڵبژێرێت هەر ببێت) ئەگەر شتە پلە كەمەكە هەڵبژێریت ‏ئەوا شتە پلە بەرزەكەت لەسەر لابچێت و پێویست نەكات بیكەی. ‏
بۆ نموونە: ‏
* خوای گەورە كاتێك باسی باوەڕ هێنان دەكات بەخوا ،دەفەرموێت ئەوەتان خێرترە ‏لەباوەڕ نەهێنان[ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ] الصف (11). ‏
جا ئایە باوەڕ نەهێنانیش هەر دروستە ؟! یاخود ئایا باوەڕ هێنان بە خودا تەنها سوننەتەو واجب ‏نییە؟! ‏
‏ *وە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت ئەگەر بانگ كران بۆ نوێژی جومعە ئەوا واز ‏لەبازرگانی و كڕین و فرۆشتن بهێنن و بڕۆن بۆ نوێژی جومعە بۆ یادی خوا. ‏
چونكە ئەوتان خێرترە لەنەچوون .[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نُودِي لِلصَّلَاةِ مِن يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ] (9) سورة الجمعة جا ئایا چوون ‏بۆ جومعە تەنها سوننەتەو نەشچی هەر خێرە؟!‏
‏*وە لەنمونەیەكی تردا خوای گەورە دەفەرموێت كۆمەڵی بەهەشت شوێنیان خێرترە و ‏باشترە لەكۆمەڵی دۆزەخ [أَصْحَابُ الْجَنَّةِ يَوْمَئِذٍ خَيْرٌ مُّسْتَقَرًّا وَأَحْسَنُ مَقِيلًا] (24) سورة الفرقان..‏
‏ جا ئایا دەتوانین بڵێین شوێنی هەردوو كۆمەڵەكە هەر باشە بەڵام كۆمەڵی بەهەشت ‏باشترە؟! نەخێر. كەواتە ئەگەر شتێك پەسەند كرا بەسەر شتێكی تردا بەڵگە نی یە ‏لەسەر ئەوەی كە شتە پەسەند لەسەر نەكراوەكەش هەر باش بێت!! یاخود بێ‌ پێویستت ‏كات لەشتە پەسەند كراوەكە ،ئەوپەڕی دەتوانین بڵێین بەئەنجام دانی نوێژ بەتاكیش ‏نوێژەكە هەر ڕاستەو ئەركی نوێژەكەی لەسەر لادەچێت ، بەڵام ئەركی جەماعەتەكەی ‏لەئەستۆ ماوەو گوناهبارەو تاوانێكی گەورەی كردوەو خۆی بەمونافیقان چوواندووەو ‏سەرپێچی لە فەرمانی خوا كردووەو سوننەتی پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم پشت گوێ‌ خستووەو ‏بەرەو گومڕایی ڕۆشتووە. ‏
‎گەورەیی خێری نوێژی جەماعەت بەگشتی وبەیانی وعیشا بەتایبەتی ‏‎
یەكەم:پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی (هەركەسێ‌ دەست نوێژ بگرێت بەتەواوی –بە ‏گوێرەی سوننەت-لەپاشان بڕوا بۆ نوێژی جەماعەت و بیكات بەجەماعەت لەگەڵ ئیمام ‏دا ئەوا خوای گەورە لە گوناهەكانی بوراوە) صحیح ابن خُزیمة.‏
دووەم: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ نوێژی عیشا بەجەماعەت بكات ‏وەك ئەوە وایە نیو شەو شەونوێژی كردبێ‌ ،وە هەركەسێ‌ بەیانیەكەش بە جەماعەت ‏بكات وەك ئەوە وایە هەموو شەوەكە شەونوێژی كردبێ‌ ) رواه مسلم.‏
سێ‌ یەم: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ لە تاریكی شەودا بچێت بۆ ‏مزگەوت –بۆ جەماعەت- ئەوا لە ڕۆژی دوایی بەڕووناكێكی تەواوەووە بە خوا دەگات ) ‏صحیح الترغیب والترهیب.‏
چوارەم: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ نوێژی بەیانی بە جەماعەت ‏بكات ئەوا ئەو ڕۆژە لە ژێر چاودێری خوادا دەبێت ) رواه ابن ماجە.‏
تێبینی:‏
یەكەم : عوزری نەچوون بۆ نوێژی جەماعەت بریتییە لە :.‏
أ- ترس‏
‏ ب- نەخۆشی‏
‏ ج- باران‏
‏ د-ئامادەبوونی خۆراك كاتی قامەت ‏
‏ ه-تەنگاوی.‏
دووەم : خوێنەری بەڕێز زۆر ووشومان بە(عەرەبی )هێشتۆتەوە لەوەرگێڕاندا چونكە ‏عەرەبی یەكە (زاراوەی شەرعین) نزیكترن لە تێگەیشتنی خەڵكی.‏
سێ‌یەم: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ خێرێك نیشانی خەڵكی بدات ‏،ئەوا خێری پێ‌ دەگات بەئەندازەی خێری هەموو ئەوانەی كاری پێ‌ دەكەن. )‏
جا ڕەحمەتی خوا لەو موسڵمانەی كە ئەم بابەتە بڵاو دەكاتەوە لە پێناوی خوای گەورە.‏

والحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم .

بابەتەکانی تر