دواهەمین میوان
بەروار: 2013/03/03سەردارن: 2987نوسەر: پشتیوان حسن كەرەم

   الحمدُ لِلهِ رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آلهِ وصحبهِ وسلم...أما بعدُ:
‏ خوێنەری بەڕێز ویەكخواپەرست: ئایا دەزانی ‏دواهەمین میوان كێیە؟ وە ئایا دەزانی بەو سەردانەی ‏بۆ لای بەڕێزت چی لێت دەوێ‌ ومەبەستی چی پێتە و ‏داوای چیت لێ‌ دەكات؟
‏ ئەو میوانە نایەت بەمەبەستی دەستكەوتنی شتێك لە ‏ماڵ وسامانەكەت… یاخود بۆ بەشداری كردن لە ‏خواردن وخواردنەوە لەگەڵتدا… وە یان بۆ وەرگرتنی ‏یارمەتی وكۆمەكی بۆ ئەوەی قەرزەكەی بداتەوە… یان ‏بۆ واستەكردن بۆ ئیش وكاری كەسێك… یان بۆ ‏چارەسەركردنی كێشەو ئاڵۆزیەك كە دەستەپاچەبووە ‏لە ئاستیدا.‏
‏ لەڕاستیدا ئەم میوانە دێت بۆ كارێكی گرنگ و ‏باسێكی سنورداری ڕاستەقینە… نە خۆت ‏وخانەوادەكەت ونە هۆزو عەشیرەتەكەت وبەڵكو هەموو ‏خەڵكی سەر زەوی ناتوانن بیگەڕێننەوە بێ ئەوەی ‏ئیشەكەی خۆی تەواو بكات وئەنجامی نەدات. ‏
‏ پاشان تۆ ئەگەر نیشتەجێی ناو كۆشك وتەلارێكی ‏بەرزو توندوتۆڵیش بیت، خۆت پەنا بدەیت بە دیواری ‏بەرگرو تەنانەت كۆشكی هەوربڕیش، پاسەوانی ‏بەتواناو لێهاتوو وریاییت بكەن وئاگایان لێت بێت، ‏هەرگیز ناتوانن ڕێگری لێ‌ بكەن و تەگەرەی بۆ دروست ‏بكەن، لەوەی بێتە لات و كاری خۆی ئەنجام بدات!!‏
‏ بێگومان ئەو میوانەكاتێك بیەوێ‌ بێتە سەردانت ‏پێویستی بە فەرموو لێكردن وئیزن وەرگرتن نیەو ‏بەڵێن وپەیمانی پێشوەختی ناوێت بۆ دیاری كردنی ‏كاتی هاتنەكەی، بەڵكو لەهەركاتێكدا بیەوێ‌ دێتە لات ‏و لەسەرهەر حاڵەت وشێوەیەك بیت، سەرقاڵ بیت یان ‏بەتاڵ بیت، لەش ساغ بیت یان نەخۆش، دەوڵەمەند ‏بیت یان هەژار ونەدار، لەسەفەردا بیت یان لەنێو ماڵ، ‏بۆ ئەو گرفتێك نیە.‏
‏ برای بەڕێز و خوشكی خۆپارێزم: ئەم میوانە دڵی نیە ‏تاوەكو بەزەیی بەحاڵتدابێتەوەو بكەوێتە ژێر ‏كاریگەری وشە غەمگینەكانت وگریان وناڵەتەوە، وە لە ‏توانایشیدا نیە بۆ تەنها ساتێكیش مۆڵەتت بداتێ‌ و ‏ئامانجت بێتەدی، لەوەش زیاتر بەرتیل وهەدیە ‏وبەخشیش وەرناگرێت ، بەڵكو ئەوانە هیچ نین ‏بەلایەوە.‏
‏ بەڕێزم ئەو میوانە تۆی دەوێت، و دەیەوێت لەم ژیانە ‏دەرت بكات ولەگەڵ خۆی بتبات، ڕۆحت بكێشێ‌ و ‏جەستەت بمرێنێ‌، بەڵێ‌ ئەو میوانە فریشتەی گیان ‏كێشانە!! ‏
‏ خوای پەروەردگار دەفەرموێت[قُلْ يَتَوَفَّاكُمْ مَلَكُ الْمَوْتِ الَّذِي وُكِّلَ بِكُمْ ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ](السجدة 11) .واتە: ‏ئەو فریشتەیەی گیان كێشانتانی پێ سپێرراوە ‏گیانتان دەكێشێ‌ ودەمرن، لەپاشان هەربۆ لای ‏پەروەردگارتان دەگەڕێنەوەو پاداشت وتۆڵە وەردەگرن.‏
یان لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [حَتَّى إِذَا جَاءَ أَحَدَكُمْ الْمَوْتُ تَوَفَّتْهُ رُسُلُنَا وَهُمْ لا يُفَرِّطُونَ] (الانعام 61)واتە: جا ‏كە وەختی مردنی یەكێكتان هات فریشتەكانمان گیانی ‏دەكێشن، لەكاتێكدا ئەو فریشتانە لە جێ بەجێكردنی ‏فەرمانەكانی خوادا هەرگیز كۆتایی وسستی ناكەن.‏
بەچی پێشوازی لەو میوانە بكەین؟
خوێنەری سەنگین بەم شێوازانە پێشوازی لێ دەكرێت ‏وپێش وەخت ئامادەكاری بۆ دەكرێت:‏
- بە بڕوابوون بەخواو فریشتەكانی وكتێبەكانی ‏وپێغەمبەرانی وڕۆژی دوایی وقەزاوقەدەر.‏
- بە پارێزگاری كردن لە ئەنجامدانی نوێژە ‏فەرزەكان لەكاتی خۆیدا لە مزگەوت بەكۆمەڵ لەگەڵ ‏هەبوونی خشوع وبیركردنەوە لەواتاكانی نوێژ، بەڵام ‏ئافرەتان لەماڵەوە باشترە بۆیان.‏
- بە دەركردنی زەكاتی شەرعی لەكاتی خۆی ‏وبەگوێرەی ئەو بڕو ڕێژەیەی كە شەرع دیاری ‏كردووە.‏
- بەڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزان بەئومێدو چاوەڕوانی پاداشت وەرگرتنەوە.‏
- بەحەجكردن كە هیچ گوناه وتاوانێكت پێوە ‏نامێنێت، وە عومرەیەك لە ڕەمەزاندا وەكو حەجێك وایە ‏لەگەڵ پێغەمبەردا ‏صلى الله عليه وسلم‏ .‏
- بە ئەنجام دانی سوننەتەكان، ئەوانەش ئەو ‏پەرستشانەن كە جگە لە فەرزكراوەكان ئەنجام ‏دەدرێت، خوای گەورە لە فەرموودەی قودسیدا ‏دەفەرموێت: (( ولايزال عبدي يتقرب إليَّ بالنوافل حتى أُحبه)).
- دەستپێشخەری كردن لە تۆبەو گەڕانەوە ‏لەتاوان وخراپەكاری، و بەڵێن وپەیمان دان بەوەی ‏چیتر كاتەكانت بەفیڕۆ نەچن وبەڵكو كاتەكانت بە ‏استغفارو زیكرو قورئان خوێندن بەسەربەریت.‏
- بە ئیخلاص بۆ خوا وتەنها خوا مەبەست بوون ‏لەهەموو كارێكتدا، و دووركەوتنەوە لە ڕیاو ‏خۆهەڵكێشان ، وەكو خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمَا أُمِرُوا إِلاَّ لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَاءَ] (البينة 5) ‏بە خۆشویستنی خواو پێغەمبەر ‏صلى الله عليه وسلم‏‏ كە ئەوەش بەدی ‏نایەت تەنها بە شوێن كەوتنی كت ومت نەبێت بۆ ‏سوننەت وبەرنامەی پێغەمبەر ‏صلى الله عليه وسلم‏ خوای گەورە ‏دەفەرموێت: [قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمْ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ] (آل عمران 31)
- بە خۆشویستنی موسڵمان لەبەر خوا وڕق لێ ‏بوون لەبەر خوا، دۆستایەتی لەبەر خواو دوژمنایەتیش ‏لەبەر خوا، كە ئەمەش خۆشویستنی بڕواداران وڕق لێ ‏بوون لە بێباوەڕان دەگرێتەوە.‏
- بە تەقوای خوا واتە: ترسان لەخواو ‏كردەوەكردن بە قورئان وڕازی بوون بەكەم ‏وئامادەباشی بۆ مردن كە ئەوەش حەقیقەتی تەقوایە.‏
- بە ئارامگرتن ودان بەخۆداگرتن لەكاتی بەڵاو ‏ناخۆشیدا، وشوكرو سوپاسگوزاری لەكاتی خۆشی ‏وكامەرانیدا، وهەست كردن بە چاودێری خوایی ‏لەتەنهایی ولەناوخەڵكدا.‏
- بە پشت بەستن تەنها بەخوا، وەكو خوا ‏دەفەرموێت :[وَعَلَى اللَّهِ فَتَوَكَّلُوا إِنْ كُنتُمْ مُؤْمِنِينَ](المائدة 23)
- بە فێربوونی زانست و كردەوەپێكردنی ‏وبانگەوازبۆكردنی وبڵاوكردنەوەی، خوای گەورە ‏دەفەرموێت:[يَرْفَعْ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ] (المجادلة 11)
- بە پاراستنی زمان لە حەرامكراوەكانی وەك: ‏درۆ و غەیبەت وفیتنەیی وجنێو و نەفرەت و ‏ناووناتۆرەو گۆرانی وهتد پێغەمبەر ‏صلى الله عليه وسلم‏ دەفەرموێت:((من كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليقل خيراً أو ليصمت))