بسم الله الرحمن الرحيم
ئەو كاتەی كە چینیە كۆنەكان ویستیان بە ئارامی بژین و پارێزگاری لە خاك و وڵاتیان بكەن , بڕیاریان دا كە دیوارێكی بەرز و سەخت دروست بكەن, كە بە دیواری مەزنی چین ناسراوە , بۆ ئەوەی ببێتە لەمپەر لە بەردەم دوژمنان و ڕێگر لە هاتنە ناوەوەی داگیركەران. كەچی لە ماوەی سەد ساڵی دوای بنیاتنانی ئەم دیوارە مەزنە سێ جار تووشی هێرشی دوژمن و داگیركەران بوون و لە هیچ لەم هێرشانەدا ئەو هێزانە پێویستیان بە ڕووخان و كونكردن یان پیاهەڵگژانی دیوارە مەزنەكە نەبوو , بەڵكو هەموو جارێ لە دەرگاكانەوە و بە شێوەیەكی ئاسایی دەهاتنە ژوورەوە !
دەزانن بۆ چی؟
چونكە هەر هێزێكی داگیركار كە دەهات بڕە پارەیەكی (بەرتیل ) دەدا بە دەرگاوان وپاسەوانی دەرگاكە و بە ئاسانی دەچوونە ژوورەوە !
چینیەكان زۆر ماندووبوون لە بنیاتنانی ئەو دیوارە مەزنە كەچی شتێكی گرنگتریان لە بیر كردبوو كە ئەویش بنیاتنانی پاسەوانەكان بوو !
هەر بۆیە دەبێت ئەوە بزانین كە بنیاتنانی مرۆڤەكان لە پێش بنیاتنانی هەموو شتێكی ترەوەیە ,ئەمەش ئەو ڕاستییەیە كە پێویستە هەمووان بیزانن و كاری بۆ بكەن وبیكەنە بەرنامەی كاریان لە هەموو قۆناغ و لە گشت بوارەكاندا.
یەكێك لە ڕۆژهەڵاتناسان دەڵێت : بۆ ئەوەی هەر شارستانیەتێك كۆنترۆڵ بكەیت و بڕوخێنێت , ئەوا سێ هۆكار هەیە بۆ گەیشتن بەو مەبەستە :
[ڕووخاندنی خێزان .
ڕووخاندنی پرۆسەی خوێندن .
ناشرینكردن و لەكەداركردنی كەسە سەرمەشق و جێ متمانەكان.]
بۆ ئەوەی خێزان بڕوخێنێت دەبێت رۆڵی دایك وون بكەیت یان لە ئەركی سەرەكی خۆی دووری بخەیتەوە بە شێوەیەك كە شەرم بكات لە دەستەواژەی ( ژنی ماڵەوە ) .
وە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بڕوخێنێت دەبێت ڕۆڵی مامۆستا لە كومەڵگادا كەم بكەیتەوە و مامۆستا بێ نرخ بكەی لە لای فێرخوازەكان .
وە بۆ ناشرینكردنی كەسە سەرمەشقەكان دەبێت لە زانایانەوە دەست پێ بكەیت , بەوەی كە ڕێزیان بۆ نەهێڵیت و گومانیان لەسەر دروست بكەیت تا ئەو كاتەی كە كەس گوێیان لێ نەگرێت و هیچ حیساب بۆ قسەیان نەكرێت .
جا ئەگەر دایكی ژیر بوونی نەبێت بۆ بەخێوكردنی نەوەكان و لە خوێندنگاش گوێ لە مامۆستا نەگیرێت و بە سووكی سەیربكرێت و پاشانیش سەرمەشق و زانا هیچ بوونی نەبێت لە ژیانی كەسەكان كە پرسی پێ بكرێت و چاوی لێ بكرێت لە ژیاندا , ئەگەر توانیت هەموو ئەمانە ئەنجام بدەیت ئەوە گەورەترین شارستانیەت لە كەمترین ماوەدا دەڕوخێنیت .
پێم وابێ ئێستا هەموومان وەڵامی ناونیشان و پرسیاری سەرەتامان دەست كەوتووە .
الحمد لله رب العالمين