چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژی ڕۆژگیران و مانگ گیران
بەروار: 2017/08/05سەردارن: 1028نوسەر: وەرگیراوە لە کتێبی فیقهی ئاسان بە هەندێ دەستکاریەوە

چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژی ڕۆژگیران و مانگ گیران
1- حوکمى ئەم نوێژە
2- چۆن خەڵكی بۆ بانگ دەكرێ ؟
3- چەند ڕکات دەکرێ؟
4- چۆنێتی كردنی
5- سەبارەت بە وتاردان لە دوای نوێژەكە
6- كاتەكەی
7- چ شتێك شتێك سوننتە لەوكاتەدا بوترێ ؟
بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
حوكمی ئەم نوێژە
زانایان لەسەر ئەوە پێك هاتوون كە نوێژی ڕۆژ گیران و مانگ گیران سوننەتێكی موئەككەدە بۆ پیاوان و ژنان
بەڵام ئەبو عوانە لە صەحیحەكەیدا (2/398) دەفەرمووێت: (بيان وجوب صلاة الكسوف) وە چەند حەدیسی لە ژێر ئەم بابەدا هێناوە كە دەلالەت دەكاتە سەر وجوب وەك: (فإذا رأيتموها فصلوا) ـ واتە هەركاتێك بینیتان ڕۆژ یان مانگ گیرا ئەوە نوێژ بكەن ـ وە شێخ ئەلبانی ڕەحمەتی خوای لێ بێ دەفەرموێ : ئەمە ڕاجحترە لە ڕووی بەڵگەوە .
وەچاكتر وایە بەجەماعەت بكرێت، هەرچەندە بە جەماعەت كردنی مەرج نی‌یە تێیدا
چۆن خەڵكی بۆ بانگ دەكرێ
لەكاتی ڕۆژگیران و مانگ گیران بانگەوازی خەڵی بۆ دەكرێت بە وتنی : (الصلاة جامعة)
ئەم نوێژە چەند ڕكاتە ؟
وە جەماوەری زانایان لەسەر ئەوەن دوو ڕكاتە، لە هەر ڕكاتێكدا دوو جار ڕكوع ئەبرێت.
چۆنێتی كردنی
لە عائیشەوە خوای لێ ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەژیانیدا مابوو جارێك ڕۆژگیرا چووە دەرەوە بۆ مزگەوت و هەڵسا خەڵكەكەی لەدوای خۆیەوە ڕیز كردو سوڕەتێكی دورو درێژی خوێند، لەپاشاندا (الله أكبر) ی كرد و چووە ركوعەوە، ماوەیەكی زۆر لەركوعدا مایەوە، شتێكی كەمتر بوو لەخوێندنەكەی یەكەم، لەپاشاندا سەری بەرز كردەوە فەرمووی: (سمع الله لمن حمده، ربنا ولك الحمد) لە پاشاندا وەستاو سوڕەتێكی تری خوێند، بەڵام ئەوەندەی خوێندنی یەكەم دورو درێژ نەبوو، پاشان (الله أكبر) ی كردەوەو چووە ركوعەوە، بەڵام ئەوەندەی ركوعی یەكەم نەمایەوە، پاشان فەرمووی: (سمع الله لمن حمده، ربنا ولك الحمد) لەپاشاندا چووە سەجدەوە، هەر بەو شێوەیە ڕكاتەكەی تریشی تەواو كرد، هەتا چوار ركوع‌و چوار سجودی تەواو كرد ڕۆژ دەركەوتەوە پێش ئەوەی سڵاوبداتەوە، لەپاشاندا هەڵسا ووتارێكی دا بۆ خەڵكەكە لەسەرەتاوە سوپاس و ستایشی پەروەردگاری كرد بەجۆرێك هەرشیاوی ئەوبێت، ئینجا فەرمووی: (إنَّ الشَّمسَ وَالقَمَرَ آيَتَانِ مِن آيَاتِ اللهِ عَزَّوَجَلَّ لا يَنخَسِفَانِ لِمَوتِ أحَدٍ وَلا لِحَيَاتِهِ، فَإذَا رَأيتُمُوهَا فَافزَعُوا إلي الصَّلاةِ) (رواه البخاری ومسلم). واتە: ڕوژو مانگ دوو نیشانەن لە نیشانەكانی خوا، نە بۆ مردنی كەس ئەگیرێن نە بۆ لەدایك بوونی كەس، جا ئەگەر بینیتان گیران پەنا بەرنە بەر نوێژ كردن.
هەروەها بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە لە ئیبنوعەبباسەوە كە دەفەرمووێت: ڕۆژ گیراو پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم نوێژی كرد، لەنوێژەكەیدا وەستانێكی درێژ وەستا بەئەندازەی سوڕەتی بەقەڕە، پاشان ڕكوعێكی درێژی برد، پاشان هەستایەوە لە ركوع و وەستانێكی درێژ وەستا، بەڵام لەوەستانی یەكەم كەمتر بوو، پاشان ركوعێكی درێژی برد، بەڵام لەركوعی یەكەم كەمتر بوو، پاشان سەجدەی برد، پاشان هەستایەوە پێ‌‌و وەستانێكی درێژ وەستا، بەڵام لەوەستانی یەكەمجار كەمتر بوو، پاشان ركوعێكی درێژی برد، بەڵام لەركوعی یەكەْم كەمتر بوو، پاشان سەجدەی برد، پاشان كەسەلامی دایەوە ڕۆژ دەركەوت، فەرمووی: (إنَّ الشَّمسَ وَالقَمَرَ آيَتَانِ مِن آيَاتِ اللهِ لا يَنخَسِفَانِ لِمَوتِ أحَدٍ وَلا لِحَيَاتِهِ، فَإذَا رَأيتُم ذَلِكَ فَاذكُرُوا اللهَ) واتە: بەڕاستی ڕۆژو مانگ دوو نیشانەن لەنیشانەكانی خوا، نە لەبەر مردنی كەسێك ئەگیرێن و نە لەبەر لەدایك بوونی،‌ جا كاتێ‌ بینیتان ئەو دووانە گیراوون یادی خوا بكەن.
سەبارەت بە وتاردان لە دوای نوێژەكە
ئیمامی شافیعی ئەو ووتاردانەی پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم كردۆتە بەڵگەی ئەوەی ووتار دان مەرجێكە لەمەرجەكانی ئەو نوێژە.
بەڵام ئەبو حەنیفەو مالیك ئەڵێن: نوێژی مانگ گیران و ڕۆژ گیران ووتاردانی تێدا نی‌یە، وە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بۆیە ئەو ووتارەی دا چونكە خەڵكەكە، ئەیان ووت: لەبەر مردنی ئیبڕاهیمی كوڕی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ڕۆژ گیراوە.
كاتەكەی
كاتەكەشی لەوكاتەوەیە ڕۆژ یامانگ ئەگیرێن هەتا دەرئەكەونەوە، نوێژی مانگ گیرانیش وەك نوێژی ڕۆژگیرانە بێ‌ جیاوازی.
حەسەنی بەصری دەفەرمووێت: ئەوكاتەی ئیبنوعەبباس ئەمیر بوو لەسەر بەصرە مانگ گیرا هاتەدەر بەرنوێژی بۆ كردین دوو ڕكات لە هەر ڕكاتێكدا دووجار چووە ركوعەوە، كاتێ‌ لێ بووەوە چووە سەر مینبەر فەرمووی: من بەوشێوەیە نوێژم بۆكردن وەك چۆن پێغەمبەرم بینیووە صلى الله عليه وسلم نوێژی كردووە. (شافیعی لەموسنەددا گێڕاویەتی‌یەوە).
چ شتێك شتێك سوننتە لەوكاتەدا بوترێ
وە موستەحەببە ووتنی (الله أكبر) لەوكاتەدا، وەهەروەها پاڕانەوەو خێركردن و داوای لێبوردن لەخوا.
بەپێ‌ی ئەوەی بوخاری و موسلیم لەعائیشەوە ئەگێڕنەوە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ڕۆژو مانگ دوو نیشانەن لەنیشانەكانی خوای گەورە بۆمردن‌و ژیانی كەس ناگیرێن، كاتێ‌ بینیتان گیران، لەخوا بپاڕێنەوەو (الله أكبر) بكەن وداوای لێبوردنی لێ بكەن.
وە هەردوكیان لەئەبوموساوە گێڕاویانەتەوە دەفەرموون: ڕۆژ گیرا، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هەستا نوێژی بۆ كردین لەپاشاندا فەرمووی: (إذَا رَأيتُم شَيئاً مِن ذَلِكَ فَافزَعُوا إلي ذِكرِ اللهِ وَدُعَائِهِ وَاستِغفَارِهِ) واتە: ئەگەر شتێكی وەهاتان بینی هانا بەرن بۆ یادی خواكردن و لێپاڕانەوەی و داوای لێبوردن لێی.