ئەو شەوانەی لەیاد ناكرێن
بەروار: 2018/01/28سەردارن: 1377نوسەر: صەڵاح قادر - بڵاوکراوەى زانست

خۆشەویستانم :
دوو شەو هەیە كە هەموو موسڵمانێك لە هزر و خەیاڵ و بیر و هۆشیدا هەن , ئاخۆ ئەم دوو شەوە كەی بێت ؟
تۆ بڵێیت هەر دوو شەوی ئاسایی بێت ؟
نەخێر شەوێكیان ئەو شەوەیە لەماڵە فراوانەكەی لەگەڵ منداڵ و خێزانەكەیدا بەخۆشی و پێكەنین و خەندە بەسەری دەبات , دڵ خۆش و ئاسودەیە و لە ئەوپەڕی تەندروستی باشدایە , بەڵام شەوەكەی تر ؟
ئای چ شەوێكە ؟
مردن یەخەی پێدەگرێت و دەیبات بۆ گۆڕستان و لەماڵە فراوانەكەیەوە بۆ ناو چاڵێكی تەسك و تاریك دوور لەخزم و خۆشەویستان , دەگوازرێتەوە لەشوێنی نوستن و ڕابواردن و خواردن و ئەو جێگایەی كە دڵی پێدەكرایەوە بۆ شوێنێك : بەتەنیایی , و بێ‌ كەسی , بێ‌ دۆست , نە منداڵ , نە خێزان , نە خزم , نە دۆست , هیچ كەسێكی لێنیە , ماڵ و منداڵ و موڵكەكەت تا سەر قەبرەكە لەگەڵت دێن و كە كرتیانە ناو قەبرەكەوە خوا حافیزیت لێ‌ دەكەن , تاكە شتێك كە بمێنێتەوە لەگەڵت یەك شتە , تەنها كردەوەكانتە كە هاوڕێتە لەم سەفەرە دوور و درێژەدا , خوای گەورە دەفەرموێ‌ :
[ ثُمَّ رُدُّوا إِلَى اللَّهِ مَوْلَاهُمُ الْحَقِّ أَلَا لَهُ الْحُكْمُ وَهُوَ أَسْرَعُ الْحَاسِبِينَ ] ( الأنعام : 62 ) ، واتە : پاشان خەڵكی هەموویان گەڕێنرانەوە بۆ لای خوا كە سەروەری ڕاستەقینەیانە , ئاگاداربن كە حوكم و فەرمانڕەوایی هەر بەدەست ئەوە و لەماوەیەكی كەمدا لە هەموان دەپرسێتەوە .
ئازیزانم :
یەكەم شەوی ناوگۆڕ.. زۆر لەزانایان و پیاو چاكان بۆی گریاون , وە خۆشی و خەندەی لەسەر لێویان تۆراندووە ، وە زۆر لێی ترساون , باشە ئەی خوایە گیان دەبێت ئێمە بۆ ئەوەندە دڵ ڕەق بین و لەبیرمان چوبێتەوە ؟!!
ئازیزانم : لە بەرائەوە دەفەرموێت : لە خزمەت پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دا بوم لە گۆڕستانی شاری مەدینە كۆمەڵێك خەڵكی بینی فەرمووی ئەوە بۆچی ئەو خەڵكە كۆبونەتەوە ؟ پێی وترا خەریكن گۆڕ هەڵدەكەنن , ئەفەرموێت كە ئەمەیان پێی وت ترسی لێ‌ نیشت و بەپەلە ڕۆیشت تاخۆی گەیاندە ئەو گۆڕە و بەسەر ئەژنۆدا كەوت وتەماشای ناو گۆڕەكەی دەكرد وە منیش خۆم گەیاندە لای تا بزانم پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم چی دەكات ئەفەرموێت تەماشای پێغەمبەرم كرد صلى الله علیه وسلم تەماشای گۆڕەكەی دەكرد و دەگریا و فرمێسك لەچاوی دەهاتە خوار تا ڕیشی تەڕ دەكرد ، ئینجا ڕوی كردە ئێمەو فەرموی : (( يا إخواني لمثل هذا اليوم فاعدوا)) ( رواه أحمد و حسنه العلامة الألباني في صحيح الجامع برقم : 7844 ) ، واتە ئەی برایانم بۆ ڕۆژێكی ئاوها خۆتان ئامادەبكەن .
خۆشەویستانم :
چ شوێنێك هەیە لە دونیادا تاریكتر لەناو گۆڕ ؟ ئایا چ تەنیاییەك هەیە تەنیا تر لەناو گۆڕ ؟ ئایا چ جێگایەك هەیە دورتر لەناو گۆڕ ؟ توخوا با كارێك بكەین پێش ئەوەی ئەم ساتەمان بەسەربێت كە خوای گەورە دەفەرموێت : [ حَتَّى إِذَا جَاءَ أَحَدَهُمُ الْمَوْتُ قَالَ رَبِّ ارْجِعُونِ لَعَلِّي أَعْمَلُ صَالِحًا فِيمَا تَرَكْتُ كَلَّا إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَائِلُهَا وَمِنْ وَرَائِهِمْ بَرْزَخٌ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ ] ( المؤمنون : 99 ، 100 ) ، واتە : كاتێ‌ مردن دەیانگاتێ‌ ئینجا پەشیمان دەبنەوە و دەڵێن خوایە بمانگێڕەوە بۆ دونیا . بەڵكو كاری چاكە دەكەین و ئەو هەڵانەی كە لە دەستمان چوو لەمەودوا لەدەستی نەدەین . نەخێر ئەوە تەنها وشەیەكە كە خۆی دەیڵێت , بەڵكو دەبێت لەژیانی بەرزەخ ( ناو گۆڕ ) چاوەڕێی ڕۆژی زیندوو بونەوە بكەن .
نەخێر ... نەخێر ئێستا بۆ خۆت حیسابێك بكە ... ئێستا تۆبە بكە و بگەڕێوە لای خوای گەورە و بە بەزەیی , ئێستا وازبهێنە لە گوناهو تاوان .. ئێستا دەست بكە بە ئامادەكردنی تێشوی چاك هەتا زمانت تەڕە كاربكە بۆ ئەوەی بەكەڵكت بێت لەوكاتەی كە زمانت وشكە , ئەو شەوەی كە لەخۆشی و شادیدایت كارێك بكە تاكو بەرهەمەكەی لەو شەوەدا دیاربێت كە لە ناو گۆڕ دای .
بەڕاستی خۆشبەختی بۆ ئەوەی كە لە ژیاندا گوێڕایەڵی خوا دەكات و بەو گوێڕایەڵیەوە دەگاتە خزمەت خوا وە هاوار و نەگبەتی بۆ ئەو كەسەی كە لە سەرپێچی خوادا ژیانی كۆتای دێت , ئازیزانم هەموومان دڵنیاین كە هەر دەبێت بمرین و كەسمان كاتی مردنەكەی خۆمان نازانین ئەی توخوا كەوا دەزانین ئەی بۆچی و تاكەی بەخوماندا ناچینەوە ؟!!
سوێند بەخوا بەرگەی دۆزەخ ناگرین . بەخوا ئاگری دۆزەخ زۆر لەوە بەتینترە كە ئێمە بیری لێدەكەینەوە و بەخەیاڵماندا دێت , پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله علیه وسلم دەفەرموێ‌ بچنە گۆڕستان بۆ ئەوەی مردنتان یادی بكەوێتەوە , كەچی ئێمەی بێئاگا لەسەر گۆڕەكان كاری نابەجێ‌ دەكەین و گوێگرتنمان لەگۆرانی و خواردنی جگەرە و ... هتد دەڵێی هەرگیز نامرین و ناچینە ناو ئەو گۆڕە !!!
خەلیفەی موسڵمانان عوسمانی كوڕی عەففان ڕەزاى خواى لێ بێ ئەگەر بگەیشتایە بەگۆڕێك تەماشای دەكرد و دەگریا تاڕیشی تەڕ دەبوو پێیان دەوت بۆ ئەوەندە دەگری بەبینینی گۆڕ , كەچی بەباسكردنی بەهەشت و دۆزەخ ئەوەندە ناگریت ؟ فەرمووی گوێم لەپێغەمبەر بوو صلى الله علیه وسلم دەیوت گۆڕ یەكەم قۆناغی ڕۆژی دواییە ئەگەر بەندە لێی ڕزگار بێت قۆناغەكانی تر ئاسانە , بەڵام ئەگەر تیابچێت قۆناغەكانی تری سەختترە .
بەڕاستی یەكەم شەوی ناوگۆڕ زۆر لەوە ترسناكترە كەباسی دەكەین بۆیە بەڕاستی پێویستە هەوڵی بۆ بدەین سەردانی گۆڕستان بكەین بۆ ئەوەی تۆزێك دڵمان نەرم بێت ، چونكە سەرقاڵ بونمان بەدنیاوە دڵمانی زۆر ڕەق كردووە بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی سەردانی بازاڕ و پاركەكان دەكەین یەك لەسەر چواری ئەوە سەردانی گۆڕستانمان بكردایە دڵمان بەم شێوەیە ڕەق نەدەبوو ، خوای گەورە پەنامان بدات .